عادل عەبدولمەهدی: عێراق نابێتە هۆكارێك بۆ زیان گەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ

17/09/2019 عێراق

نەوا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی سەقامگیرییەكی باشی بەخۆوە بینیوە و لە سەرجەم بوارەكاندا، بە ئاراستەیەكی راست و دروست هەنگاو دەنێت و ئاماژەی بەوەیش كرد كە بە هیچ شێوەیەك عێراق نابێت بە هۆكاری زیان گەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ. نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە عادل عەبدولمەهدی لە بەغدا پێشوازی كردووە لە یانس ستولتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە فەرماندەی باڵای هێزەكانی ناتۆ و یاریدەدەری سكرتێری گشتی ناتۆ و فەرماندەی ناتۆ لە عێراق.
 لە كۆبوونەوەیەكدا عادل عەبدولمەهدی  رایگەیاندووە "عێراق سەقامگیری باشی بەخۆوە بینیوە و لە سەرجەم بوارەكاندا، بە ئاراستەیەكی راست و دروست هەنگاو دەنێت".
ئەوەشی وتووە "سیاسەتی هاوسەنگەمان خزمەت بە سەقامگیری عێراق و سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە دەكات و بە بەرپرسیاریەتییەوە هەڵسوكەوت دەكەین بەرامبەربە قەیرانەكانی هەرێمیی بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلان و بەهیچ شێوەیەك عێراق نابێتە هۆكارێك بۆ زیان گەیاندن بە برا و دراوسێیەكانی".
لایخۆیەوە سكرتێری گشتی ناتۆ، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە باشبوون و بەرەوپێشچوونی رەوشی عێراق و رایگەیاند، كە پاڵپشتی لە سیاسەتی هاوسەنگی عێراق دەكەن لە ناوچەكە و رایگەیاندووە: "ناتۆ كە بەڕەزامەندی، سەرپەرشتی و بڕیارەكانی حكوومەت ئەركەكانی لە عێراق جێبەجێ دەكات، پاڵپشتی دەكات لە سیاسەتی هاوسەنگی و ژێرانە كە حكوومەتی عێراق پەیڕەوی دەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group