ئێسپه‌ر: هێزه‌كانمان له‌ سوریاوه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ خۆرئاوای عیراق

20/10/2019 جیهان

نه‌وا
ئه‌مریكا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌ربازه‌كانی له‌ سوریاوه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ خۆرئاوای عیراق و ده‌ڵێت "بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعشدا".
مارك ئێسپه‌ر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پێده‌چێت له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا، سه‌رجه‌م هێزه‌كانمان له‌ سوریاوه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ رۆژئاوای عیراق، بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش له‌ عیراق و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌.
به‌وته‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، هێزه‌كانیان نزیكه‌ی هه‌زار سه‌ربازن و له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتودا سه‌رجه‌میان بۆ عیراق ده‌گوازرێنه‌وه‌.
دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا ده‌كشێنێته‌وه‌، ته‌نها هێزێكی كه‌م نه‌بێت له‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی ته‌نه‌ف له‌سه‌ر سنوری نێوان سوریا و عیراق ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردودا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ئیدانه‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپی كرد و زۆرێك له‌ سیناتۆره‌ دیموكرات و كۆمارییه‌كان دژی ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یانن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group