كام هێزی ئەمریكا توانی ئەبوبەكر بەغدادی بكوژێت؟

27/10/2019

نەوا
دەلتا فۆرس یەكێكە لە هێزە تایبەتیەكانی ئەمریكا كە ئوسامە بن لادن و ئەبوبەكر بەغدادیان كوشت و چەندین ئەركی قورس و نهێنییان ئەنجامداوە.
دەلتا فۆرس رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە پرۆسە هەستیارەكانی ئەمریكا لەوانە كوشتنی ئوسامە بن لادن لەساڵی 2011 و كۆتا كردەوەشیان كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی لە 26-10-2019 .
بەپێی زانیاریەكان ئەو هێزە دژەتیرۆرە و بەشێوەیەكی تایبەتی لە پرۆسەكانی كوشتن و دەستگیركردنی سەركردەو كەسایەتییە دیارەكانی گروپە جیهادییەكاندا بەشداری دەكەن، سەرەڕای ئەوەش ئەركیان هەڵوەشاندنەوەی گروپە توندڕەوەكان و رزگاركردنی بارمتەیە.
ئەو هێزە تایبەتییە لە ئەركە نهێنییەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكی CIAدا بەشداری دەكەن، هەروەها ئەركی پاراستنی كەسایەتییە گرنگەكانیان پێدەستپێردرێت بەتایبەتی لە كاتی سەردانیكردنی كەسایەتییەكان بۆ ئەو وڵاتانەی كێشەی ئەمنییان هەیە.
دەلتا فۆرس لەلایەن سەركردایەتی پرۆسە تایبەتە هاوبەشەكانی ئەمریكاوە چاودێری دەكرێت سەرەڕای ئەوەی لە رووی ئیدارییەوە سەربە سەركردایەتی پرۆسە تایبەتەكانی سوپای ئەمریكایە، ئەو هێزە لەساڵی 1977ەوە دامەزراوە و یەكەم سەركردەی (عەقید چارلز بیكورس) بوە، بیرۆكەی دروستكردنی ئەو هێزەش لە هێزی تایبەتی بەریتانیایەوە بەناوی SAS وەرگرتوە.

ئەو هێزە لە سێ یەكەی سەرەكی پێكدێت ئەوانیش (یەكەی پرۆسە تایبەتەكانی ئەمریكا، یەكەی پرۆسە تایبەتە هاوبەشەكان، یەكەی پرۆسەكانی تایبەت بە سوپای ئەمریكا).
دەلتا فۆرس لەلایەن دەزگا راگەیاندنەكانی ئەمریكاوە بە (یەكەی پرۆسە تایبەتەكان) ناودەبرێت و لە بژاردەكانی هێزی ئەمریكان و خاوەنی توانا و تەكتیكێكی بەرزن لە رزگاركردن و هەڵكوتانەسەر و دابەزینی ئاسمانی و روبەڕوبونەوە.
مەرجەكانی وەرگرتن لەو هێزەدا بریتین لە: پێویستە كەسەكە رەگەزی نێر بێت، ماوەی شەش مانگ راهێنانی لۆجیستی و شەڕكردن و وەرزشی تایبەت بكەن، پێویستە زمانی بیانی فێرببن وەك (عەرەبی، فەرەنسی، عیبری و ئۆردو).
راهێنانەكانی ئەو هێزە بریتین لە (پاراستن، تەكنەلۆژیای سیخوڕی، نیشانەشكێنی بەشێوەیەكی زۆر ورد، دروستكردنی تەقەمەنی، چۆنێتی رزگاركردن، روبەڕوبونەوە لەناو باڵەخانە و فڕۆكە). هەروەها لەسەر مەلەوانی لە ئاوە قوڵەكاندا و خۆهەڵدان لە بەرزایی و شوێنی نزمەوە مەشق وەردەگرن.

دیارترین كردەوەكانی ئەم هێزە
1- هەوڵدان بۆ رزگاركردنی بارمتەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران لەساڵی 1980، بەڵام شكستی هێنا و هەشت ئەمریكی كوژران و دوو فڕۆكەشیان خرایەخوارەوە

2- بەشداریكردن لە داگیركردنی گرینادا لەساڵی 1983

3- داگیركاری پەنەما لە ساڵی 1989 و دەستگیركردنی سەرۆكی ئەو وڵاتە


4- هاوكاریكردنی سوپای كۆڵۆمبی بۆ كوشتنی (پابلۆ ئیسكۆبار) گەورە مافیا و بازرگانی مادەی هۆشبەر لەساڵی 1993

5- بەشداریكردنی لە پرۆسەی (گەردەلولی بیابان) لەساڵی 1991 بۆ دەركردنی سوپای عیراق لە كوێت

6- هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی جەنەراڵ محەمەد فەرەح عیدید لەساڵی 1993 لە مەقادیشۆ، بەڵام شكستیهێنا و 18 ئەندامی ئەو هێزە كوژران و 73ی دیكە برینداربون و یەكێكیشیان دەستگیركرا

7- لەساڵی 2001 بەشدارییان لە داگیركاریی ئەفغانستاندا كرد و پرۆسەی تۆرا بۆرایان ئەنجامدا

8- لەساڵی 2003 بۆ 2011 بەشدارییان لە داگیركاری عیراقدا كرد

9- ئەنجامدانی پرۆسەكەی (بەرەبەیانی سور) لەساڵی 2003 بۆ دەستگیركردنی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشوی عیراق

10- رزگاركردنی "رۆی هێڵمز" گەورە وەبەرهێنی ئەمریكی لەساڵی 2005 كە 311 رۆژ بوو لە عیراقدا رفێندرابوو

11- ساڵی 2013 "ئەبو ئەنەس لیبیی"یان دەستگیركرد، كە یەكێك بوو لە سەركردەكانی قاعیدە

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group