یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە عیراقدا تۆماركرا

23/02/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
دكتۆر شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هێندە مەترسیدار نییە بەو جۆرەی باس دەكرێت، چونكە تائێستا كەسانی توشبو رێژەی مردنی لە 4% تێنەپەڕاندوە. دەشڵێت "رێكخراوی تەندروستیی جیهانی یەكەم حاڵەتی توشبونی بە ڤایرۆسەكە لە عیراق راگەیاندوە".
ئەمڕۆ دكتۆر شەماڵ جەبار یاوەر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا هێندە مەترسیدار نییە بەوجۆرەی باس دەكرێت، بەداخەوە هەندێك كەسی نابەرپرس هیچ پسپۆڕییان لەو ڤایرۆسەدا نییە و دەستیانكردوە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵام بۆ زانیاری هاووڵاتیانی كوردستان ئەم ڤایرۆسە لەساڵی 1960ەوە بوونی هەیە تائێستا رێژەی مردن لە  4% تێپەڕی نەكردوە لەو كەسانەی توشبون، بۆیە دڵنیایی بەهاووڵاتیانی كوردستان دەدەین حاڵەتی گومانلێكراویش بونی نییە لە هەرێمدا".
وتیشی "ئەو ئامادەكاریانەی ئێستا كراون لەسەرجەم نەخۆشخانەكاندا بەشی جیاكەرەوەمان هەیە و بۆ ناو نەخۆشخانەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بۆ سەرجەم كارمەند و پزیشكەكانیش دەمامكمان دابەشكردوە و لیژنەیەكی روبەڕوبونەوەمان دروستكردوە لە ئەگەری بڵاوبونەوەی ئەو حاڵەتە و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینكردنی دەمامك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت ئەوانەی لە سەنگەردان و لەهەفتەی داهاتودا دەست بە دابەشكردن دەكرێت".
باسی لەوەشكرد، بەڵێنیان لە چەند كەسێك وەرگرتوە بۆ دروستكردنی شوێنێكی دابڕاوی 50 قەرەوێڵەیی لەم سنورە دروستبكرێت و دەكەوێتە دەرەوەی شار بۆیە لە 90% ئەگەری هەیە لە مانگێكی تردا دروستبكرێت.
دكتۆر شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەمڕۆ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO بەفەرمی كەیسێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە زیقار راگەیاند، كە هاووڵاتییەكە لە ئێران توش بوە و گەڕاوەتەوە عیراق، بەڵام لەئێستادا ئەو رێكخراوە خۆی سەرپەرشتی ئەم ڤایرۆسە دەكات لە جیهاندا و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بیشارێتەوە لە ئەگەری دەركەوتنی هەر حاڵەتێكی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group