كۆریای باكور: ترامپ بۆ رووبەڕوبونەوەی كۆرۆنا هانای بۆ كیم جۆنگ ئون بردووە

22/03/2020 جیهان

نەوا
میدیا فەرمی حكومەتی پیونگ یانگ بڵاویكردەوە، سەرۆكی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ كیم جۆنگ ئونی سەرۆكی كۆریای باكور داوای هاوكاری لێكردووە بۆ رووبەڕوبونەوەی كۆرۆنا.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی كۆریای باكور لە هەواڵێكدا باسی لەوەكردووە، دۆناڵد ترامپ لە نامەكەیدا بۆ كیم جۆنگ ئون سەرسامی خۆی بە رێكارەكانی پیونگ یانگ بۆ رووبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و پاراستنی هاوڵاتیانی لەو ڤایرۆسە دەربڕیوە.
ئاژانسەكە نامەكەی بە بەڵگەیەك لەسەر پەیوەندی توندوتۆڵ و تایبەتی نێوان ئەو دوو سەركردەیە ناوبردووە و ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكی ئەمریكا داوای لە سەرۆكی كۆریای باشور كردووە، هاوكاریان بكات لە رووبەڕوبونەوەی كۆرۆنا.
تا ئێستا كۆشكی سپی لە بارەی ئەو هەواڵەوە هیچ كاردانەوەیەكی نیشان نەداوە و میدیای فەرمی كۆریای باكوریش باسی لەوەنەكردووە، كە چ كاتێك ترامپ نامەكەی بۆ كیم جۆنگ ئون ناردووە.
تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنا لە كۆریای باكوری رانەگەیەنراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە دراوسێی هەر یەك لە چین و كۆریای باشورە كە ژمارەیەكی زۆر تووشبووی كۆرۆنای تێدایە.
هەرچی بەرهەڵستكاران و رەخنەگرانی دەسەڵاتی كۆریای باكورن، باس لەوەدەكەن حكومەتی پیونگ یانگ راستیەكان لەو بارەوە دەشارێتەوە و دۆخی ئەو وڵاتە بە هۆی لاوازی سیستەمی تەندروستیەكەی مەترسیدارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group