نەوا
خۆپیشاندانی بەشێكی هاوڵاتیان لە دژی راگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی گرژی تێكەوت.
دوای ئەوەی لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان لە دژی راگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بەڕێوەچوو، دواتریش خۆپیشاندانەكە بەردەوامبوو.
خۆپیشاندانەكە كە سەرەتا لە شەقامی مەولەوی و بەردەم قایمقامیەتی سلێمانی بەڕێوەچوو، دواتر گواسترایەوە بۆ نزیك گەڕەكەكانی سەرشەقام و جولەكان و هێزە ئەمنیەكانیش بە تەقەكردن بە ئاسماندا هەوڵی بڵاوەپێكردنیان دان.
خۆپیشاندانەكە لە چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتیانەدا دێت كە دژی راگەیاندنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش رۆژ، چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە.
بەپێی نوێترین بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە رۆژی چوارشەممەوە لە ژێر رێوشوێنی توندی تەندروستی سەرجەم سێكتەرەكان دەكرێنەوە.