لەدژی باشوری كوردستان سێ وڵات رێككەوتنیان كردووە

23/06/2020

نەوا-كاروان مەحمود 
سیاسەتمەدارێكی كورد رایدەگەیەنێت، هاتنی سوپای توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان و كۆكركردنەوەی هێز لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سنوری باشوری كوردستان ئامانج لێی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو بە ئاگاداری حكومەتی عیراق كراوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسەر و سیاسەتمەداری كورد بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هێرشەكانی توركیا و هاتنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی هێز لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سنورەكانی باشوری كوردستان ئامانج لێی بچوككردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی باشوری كوردستانە وەك سەردەمی حكومەتی بەعس.
باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا توركیا بەبیانوی لێدانی پەكەكەو ئێرانیش بەبیانوی روبەڕوبونەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات هاتوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان بەڵام ئەوە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوەو ئامانجیان باشوری كوردستانەو مەبەستیانە سەرەتا لە رووی داراییەوە و سیاسییەوە هەرێمی كوردستان لاواز بكەن و دوای ئەوەش لە رووی عەسكەرییەوە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسەر و سیاسەتمەداری كورد ئاشكراشیكرد، وەك ئەوەی لە هەندێك میدیای جیهانی و ناوخۆییش باسدەكرێت ئەم هەوڵە بە ئاگاداری  حكومەتی عیراق كراوەو رێككەوتنی هەرسێ وڵاتە پێكەوە بۆیە لە ئێستاشدا حكومەتی عیراقیش بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان دوادەخات و كێشەی بۆ دروستدەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group