وه‌زیرى ته‌ندروستیى عیراق: بڕیاردرا چاره‌سه‌رى روسى بۆ كۆرۆنا به‌كاربهێنین

پێش 4 هەفتە عێراق

نه‌وا
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستیی عیراق ئاشكرایكرد، رەزامەندی لەسەر چارەسەری روسی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دراوە و دەچێتە پرۆتۆكۆڵی چارەسەركردنی توشبوانەوە. تەئكیدیشدەكاتەوە كۆنترۆڵكردنی پەتاكە لە عیراق بەندە بە پابەندبونی هاووڵاتیانەوە بە رێنماییەكانەوە.
عیراق لە پلەی 30یەمینی وڵاتانی جیهاندایە بۆ ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كۆی گشتی گەیشتوەتە 58 هەزار و 354 حاڵەت. لەوبارەیەشەوە حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "دەرچونی وڵات لە بازنەی مەترسی پەتای كۆرۆنا بە پلەی سەرەكی پشت بە پابەندبونی هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستیەكان و مانەوە لە ماڵەوە و كەرەنتینە دەبەستێت".
وتیشی "عیراق پشت بەو پرۆتۆكۆڵە چارەسەرییە دەبەستێت، كە لە جیهاندا كاری پێدەكرێت و وەزارەت لەسەر ئەو دۆسیەیە كاردەكات و بەپێی گەشەسەندنە نوێیەكان ئەو پرۆتۆكۆڵی چارەسەرەش لە عیراقدا بەردەوام نوێ‌ دەكرێتەوە، هەروەك گرێبەستی زۆر كراوە بۆ دابینكردنی دەرمان و چارەسەری ڤایرۆسەكە، كە لە جیهاندا پشتیان پێدەبەسترێت".
سەبارەت بە چارەسەری روسی بۆ كۆرۆنا، كە ماوەیەكە باس دەكرێت، وەزیری تەندروستیی عیراق ئاشكرایكرد، چەند دەوڵەتێك رەزامەندییان لەسەر چارەسەری روسی داوە و بەكاریدەهێنن بۆ توشبوانی كۆرۆنا، كۆمپانیای گشتی بازاڕكردنی دەرمانی عیراقیش دیراسەی هەموو چارەسەرەكان و كاریگەرییەكانیان دەكات پێش ئەوەی هاوردەبكرێن، بەڵام لیژنە زانستی و راوێژكاریەكانی وەزارەت رەزامەندی داوە لەسەر چارەسەری روسی و دەخرێتە ناو پرۆتۆكۆڵی چارەسەرەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group