واده‌ی ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن راگه‌یه‌نرا

10/08/2020

نه‌وا
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنیت؛ کۆتایی مانگی داهاتو دەست بە ساڵی نوێی خوێندن دەکرێت، بەڵام خوێندنی ئەمساڵ جیاوازە ولەژێر رێنماییە تەندروستییەکاندا دەبێت.
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی به‌ سایتی سبه‌ی راگه‌یاندووه‌، سەرەتای شەپۆلی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی زۆر بەهێزبو، بۆیە ئێمە بە ناچاری وەرزی یەکەممان وەک بنەمای ساڵی خوێندن دانا و ئەم قۆناغەمان بە سەرکەوتویی تێپەڕاند و ئێستا نزیکین لە کۆتایی ساڵی خوێندن.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد؛ ژمارەیەک لە خوێندکاران و قوتابیان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون و چاوەڕێ دەکرێت تا کاتی چاکبونەوەیان و بەمەبەستی نەفەوتانی ساڵی خوێندنیان لە مانگی ئەیلول تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێتەوە.
لەبارەی هاتنەوەی پرسیاری هەڵە لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی (12)ـی ئامادەیی دڵشاد عومەر رایگەیاند: ساڵانە ئەو هەڵانە هەبون و بەراورد بە ساڵانی رابردوش ئەمساڵ رێژەی هەڵە لە پرسیارەکان کەمتر بوە، وەرگرتنی نمرەی ئەو پرسیارانەی کە هەڵەیان تێدابوە و قوتابی وەک قەرەبو وەریدەگرێت دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی دەرچون و هیچ زیانێک بەر قوتابیان ناکەوێت.
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی، مامۆستا دڵشاد عومەر رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی تاقیکردنەوەکان لەسەر پەڕەی سۆما ئەنجامدراون و بە ئامێر جیادەکرێنەوە، بۆیە پرۆسەکە خێراترە و پێدەچێت تا پێنجشەممەیە ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران دەربچێت.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنیشەوە دڵشاد عومەر وتی:" بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول دەست بە ساڵی نوێی خوێندن دەکرێتەوە بە پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی خۆپاریزی و ئەگەر لە پۆلەکانیشدا ڤایرۆسەکە بڵاو بوەوە ئەوا ئێمە هەر پۆلێک دەکەینە دو پۆل و دەستکاریی پرۆگرامەکان دەکەین بۆ ریگرییکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group