دوایین هەڵوێستی مستەفا كازمی لەسەر بەشەبودجەی هەرێم چییە؟

26/11/2020

نەوا
بەشیر حەداد لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبوەوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە هەوڵدایە كۆدەنگییەكی لایەنە عیراقییەكان دروست بكات لەسەر پرسی ناردنی بەشەبودجەی هەرێم، بەشێوەیەك، كە پارەی مانگەكانی رابردوو بنێرێت و مانگەكانی داهاتووش بخرێتە چوارچێوەی بودجەی 2021.
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ مستەفا كازمیدا كۆبوەتەوە و پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و موچەی مانگەكانی 5، 6، 7 و 10ــیان تاوتوێكردووە، ئاشكرایكرد، كازمی نیگەرانە لەوەی چەند لایەنێك كێشە بۆ رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق لەبارەی شایستە داراییەكان دروستدەكەن، بەتایبەت لە پەرلەمان، بۆیە حەداد وتی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە، كە لە كۆبونەوە و هەوڵدایە بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پرسی بەشە بودجەی هەرێم و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.
بەشیر حەداد راشیگەیاند، كازمی ئاشكرایكردووە، دەیەوێت رێككەوتنێكی سیاسی بكات لە عیراق، بەشێوەیەك، بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەكانی پێش یاسای قەرز سەرفبكرێت و بۆ ماوەی دوای یاسای قەرزیش، بكرێتە پاكێجێك و بخرێتە ناو پرۆژەبودجەی ساڵی 2021، ئومێدی هەیە رێككەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی ئەو مێشانە كۆتاییان پێبهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group