نەوا
بڕیارە لە چوارچێوەی یاسادا زانكۆ ئەھلییەكان رێكبخرێنەوە و ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دەستەیەك بۆ سەرپەرشتیكردنی زانكۆ ئەھلییەكان پێكدێت.
حەسیبە گەردی پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندوە: "زانكۆ ئەھلییەكان رێكدەخرێنەوە و بە یاسا كار بۆ رێكخستنەوەیان دەكەین و پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە زانكۆ ئەھلییەكانیش ئامادە كراوە و لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە".
وتیشی: "لەمەودوا دەستەیەك یان ئەنجوومەنێك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دادەمەزرێت و نوێنەری زانكۆ ئەھلییەكان و حكوومەت تێیدا بەشدار دەبن، چونكە تا ئێستا ھیچ دەستەیەك بۆ سەرپەرشتیكردنی زانكۆ ئەھلییەكان نییە و بە گوێرەی پێوەرە زانستییەكان ھەیكەلی زانكۆ ئەھلییەكان رێكدەخرێنەوە و زیاتر گرینگی بە كوالێتی خوێندن دەدرێت لەو زانكۆیانە".
ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە: "زانكۆ ئەھلییەكان درەنگ بڕیار و رێنماییەكانی حكوومەت جێبەجێ دەكەن، زۆر جار بڕیارێك دەردەچێت لە خوێندنی باڵاوە زانكۆ ئەھلییەكان كەمتر پابەندن بۆ جێبەجێكردنی، ئەوە وەك نموونە وەرگرین، داشكاندنی كرێی خوێندن وەك پێویست جێبەجێ نەكراو درەنگ كەوت".