سه‌روه‌ری خاكی عێراق كێشه ده‌خاته نێوان توركیا و ئێرانه‌وه
28/02/2021 نه‌وا
نه‌وا
توركیا و ئێران كه هه‌ر دووكیان تۆمه‌تبار ده‌كرێن به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق، له ئێستادا هه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته ئاراسته‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن و لێدوانی توند دژی یه‌كده‌ده‌ن و به‌رپرسانی عێراقی لێدوانه‌كانیان به ده‌ستوه‌ردان ناوده‌به‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له به‌غدا له چاوێكه‌وتنێكدا توركیای به‌پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق تۆمه‌تبار كرد و داوای كرد هێزه‌كانی بۆ ئه‌و دیو سنوره‌كانی عێراق بكشێنێته‌وه، فاتح یه‌ڵدزی هاوتای رایگه‌یاند، دوایین كه‌س كه ئامۆژگاری ئه‌نقه‌ره بكات له باره‌ی رێزگرتنی له سه‌روه‌ری و سنوره‌كانی عێراق، مه‌سجدییه.
باڵیۆزی ئێران له عێراق ئه‌مه جاری سێهه‌مه له سێ مانگی رابردوودا باس له بوونی سه‌ربازی توركیا له عێراق ده‌كات و لێدوانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌شی زیاتر په‌یوه‌سته به نیازی توركیا بۆ په‌لاماردانی شه‌نگال.
گرژییه‌كانی تاران و ئه‌نقه‌ره به‌وه‌وه نه‌وه‌ستان و دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی بانگهێشت كرد، ناڕه‌زایه‌تی توندی به‌رامبه‌ر به‌و لێدوانه‌ی مه‌سجدی پێڕاگه‌یه‌نرا.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش باڵیۆزی توركیای له تاران بانگهێشت كرد و ناڕه‌زایه‌تی خۆی له باره‌ی لێدوانێكی سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیری ناوخۆی توركیا پێگه‌یاندبوو، كه ئێرانی به داڵده‌دانی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه تۆمه‌تبار كرد.
توركیا به‌بیانووی شه‌ڕ له دژی په‌كه‌كه چه‌ندین بنكه و باره‌گای سه‌ربازی و هه‌واڵگری له هه‌رێمی كوردستان و نه‌ینه‌وا هه‌یه و له ماوه‌ی رابردوودا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش رایگه‌یاندبوو، شه‌وێك له پڕێكدا هێرشده‌كه‌نه سه‌ر شه‌نگال.
هه‌ر چی ئێرانیشه تۆمه‌تباره به‌وه‌ی خاك و ئاسمانی عێراق بۆ پلانه سه‌ربازییه‌كانی له ناوچه‌كه به‌كارده‌هێنێت و له رێگه‌ی گروپه‌كانی سه‌ر به‌خۆیه‌وه ئه‌جینداكانی له عێراق جێبه‌جێ ده‌كات.
ئه‌و شه‌ڕه قسه و گرژییه‌ی نێوان تاران و ئه‌نقه‌ره له عێراقیش كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند، "نێرده دیپلۆماتییه‌كان له عێراق، ئه‌ركیانه نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانی خۆیان بكه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق پته‌و بكه‌ن و ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه كاروباری ناوخۆوه و رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی هاوشێوه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".
لای خۆشیه‌وه رامی ئه‌لسكینی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی عێراق، رایگه‌یاندووه، شه‌ڕه قسه‌ی نێوان باڵیۆزانی ئێران و توركیا له عێراق، پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌رچوونه له ئه‌ركی باڵیۆزیی.
ئه‌و نوێنه‌ره، داوایكرد، حكومه‌تی عێراق به خێرایی هه‌ردوو باڵیۆز بانگ بكات و نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان پێ بدات.
هه‌رچه‌نده له ساڵی 2011ه‌وه ئێران و توركیا له سه‌ر پرسی سوریا په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزیان هه‌بوو، به‌ڵام دوای ساڵی 2016 نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره له مۆسكۆ، په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ تارانیش ئاسایی ببوه‌وه، له‌و كاته‌شه‌وه تائێستا ئه‌مه یه‌كه‌م جاره په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌و راده‌یه گرژبێت.