نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی 200 ملیارەكەی بەغدا بۆ هەرێم ده‌خرێته‌ڕوو

19/06/2021

نه‌وا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق ئاماژە بەوەدەكات ناردنی تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بووەتە بڕیار و لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە، ده‌شڵێت: هیچ گرفتێكی سیاسی و یاسایی نەماوە و پێشبینی دەكەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێك لەو پارەیە بگاتە هەرێم.

 شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن ڕایگەیاندوه‌، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن، كە گوایە حكومەتی عێراقی لەژێر فشاری سیاسی پەشیمان بووبێتەوە لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دوورن لەڕاستییەوە، چونكە لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناردنی پارە بە دیاریكراوی مانگانە بڕی 200 ملیار دینار خراوەتە دەنگدانەوە و دەنگی زۆرینەی بەدەست هێناوە و دواتر بووەتە بڕیار ئەو بڕیارەش پێویستی بە دووبارە دەنگدانەوە هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێكی لەو بابەتە نەهاتووەتە ئاراوە.
شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشكردوه‌، گرنگ نییە، كە وەزیری دارایی عێراق دەنگی بە بڕیاری ناردنی پارە داوە یاخود نا، بەڵكوو گرنگ ئەوەیە كە بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارە دراوە و دەبێت جێبەجێش بكرێت، بۆیە پێشبینی دەكەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە و بڕیارەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە بە ناردنی بڕێك پارە لە كۆی تریلۆینێك و 200 ملیار دینار.
هاوكات ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌ زاری بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، بە گەیشتنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم ئەولەویات بۆ خەرجكردنی مووچەیە بە بێ‌ لێبڕین، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئیستا هیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە نەگەیشتووەتە هەرێم ئەوا دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەش بە لێبڕینی لە %21 دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group