کۆمسیۆن: 70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران ئامادە دەکرێن

14/09/2021 عێراق

نەوا
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، لە پێناو ڕێگریكردن لە ساختەكاری و دەنگدانی نادروست زیاتر لە 70 هەزار ئامێری پشكنینی زانیاریی دەنگدەران لە وێستگەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا دادەنرێن.
جومانە غلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند: لە هەر وێستگەیەکی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، ئامێرێكی پشكنین و پشتڕاستكردنەوەی زانیاریی دەنگدەران دادەنرێت.
روونیشیکردەوە، هەر دەنگدەرێك بەر لەوەی دەنگ بدات، پەنجەمۆرەكەی لێ وەردەگیرێ و ئامێرەكە تەواوی زانیارییەكانی وەردەگرێت.
وتەبێژی كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێرەكە كامێرایەكی هەیە و دوای وەرگرتنی زانیارییەكان، باركۆدی كارتی دەنگدانەكە دەخوێنێتەوە، كە ئەویش زانیارییەكانی دەنگدەرەكەی لەسەرە، ئینجا دەنگەكە وەردەگیرێت.
هەریەك لەو ئامێرانەی پشكنینی زانیاری دەتوانێت زانیارییەكانی 450 دەنگدەر وەربگرێت، كە بۆ هەر بنكەیەك دیاری كراوە، لە كۆتاییشدا ئامێرەكە وا دەكات ئەنجامی دەنگدانەكە بە خێرایی دەربچێت، دوای ئەوەی زانیارییەكان بەراورد دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group