وادەی یەکەم باران بارینی پایز له‌ هه‌رێم راگەیه‌نرا

20/09/2021

نه‌وا
شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەریی بۆسه‌ر بەشێكی چیاكانی باكوری كوردستان، پێده‌چێت بڕێك شێ بهێنێتە چیاكانی هەرێم و لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك ئەگەری بارانبارین هەیە.

 سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی لەپێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردۆته‌وه‌، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە بەشێكی چیاكانی باكوری كوردستان و باكوری توركیا و باكوری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و ئەمەش، ئەگەری کاریگەری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە ئەگەری بارانێكی زۆر هەیە لەو ناوچانە، هاوکات بەهۆی ئەوەی تۆپەڵە هەوا جەمسەریەکە بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت، خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەگەر هەیە بڕێك شێ بهێنێتە چیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری بارانبارین لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك هەیە. هاوکات، پلەكانی گەرمی بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتكە چیاكانی حەسارۆست و هەڵگورد بڕێكی كەم بەفر ببارێت.
سیروان ساڵح دەشڵێت، لە ناوچەكانی گەرمیان بەتەواوی پلەكانی گەرمی دێنە خوارەوە و لە ناوەڕاستی پلەی سییەكان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group