تەندروستیی جیهانی: ساڵانە بە هۆی پیسبوونی هەواوە 7 ملیۆن کەس دەمرن

22/09/2021 جیهان

نەوا
دوای 16 ساڵ رێکخراوی تەندروستیی جهانی گۆڕانکاری بەسەر رێنماییەکانی رێگری لە پیسبوونی هەوادا هێنا و ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە بەهۆی پیسبوونی هەواوەوە نزیکە حەوت ملیۆن کەس گیان لەدەست دەدەن.
لە راگەیەنراوێکدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەکردووە، پیسبوونی هەوا و بوونی گازە ژەهراوییەکان لە هەوادا، هاوشێوەی جگەرەکێشان و خۆراکی ناتەندروست زیان بە مرۆڤەکان دەگەیەنن.
روونیشیکردوەتەوە، پیسبوونی هەوا بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان و ساڵانە بەهۆیەوە نزیکەی حەوت ملیۆن کەس گیان لەدەستدەدەن.
تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێناو رزگارکردنی گیانی مرۆڤەکان رێنماییەکانی تایبەت بە رێگریی لە پیسبوونی هەوایان توندتر کردوەتەوە و حکومەتەکان پێویستە بەو رێنماییانەوە پابەندبن.
بە گوێرەی رێنماییەکە، هێڵی سووری بوونی گازە ژەهراوییەکان لە هەوادا دابەزێنراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی زووتر هەست بە مەترسی بکرێت و رێوشوێنی پێویست بۆ سنوردارکردنی ئەو چالاکیە پیشەسازیی و مرۆییانە بگیرێتەبەر کە هۆکاری پیسبوونی هەوان.
دوایین جار لە ساڵی 2005دا تەندروستیی جیهان رێنماییەکانی تایبەت بە رێگریی لە پیسبوونی هەوا و پێوەرەکانی پیسبوونی هەوای بڵاوکردبوەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group