سەدر پەیامێكی توند بۆ هەولێر و بەشداربووانی كۆنفرانسی هۆزەكان دەنێرێت

25/09/2021

نەوا-
رابەری رەوتی سەدر لە پەیامێكدا هۆشداری توند دەداتە بەشداربووانی كۆنفرانسی هۆزەكان لە هەولێر كە داوای ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا و تەلەئەبیبیان كردبوو.
موقتەدا سەدر لە تویتێكدا رایگەیاندووە، پێویستە هەولێر چیتر رێگە بە كۆبوونەوەی گروپە "تیرۆریستی و زایۆنیەكان" نەدات. راشیگەیاندووە، پێویستە حكومەتی عێراق سەرجەم بەشداربووانی ئەو جۆرە كۆبوونەوانە وەك تاوانبار دەستگیر بكات.
جەختیشی كردوەتەوە، بەپێی شەرع و ئەقڵ و ئەركی نیشتمانی ئەوەی لەو بارەوە بكەوێتە ئەستۆیان جێبەێی دەكەن و سڵ لە لۆمە و ناڕەزایەتی هیچ كەسیش ناكەنەوە.
سەدر راشیگەیاندووە، "پێویستە باوەڕداران چاوەڕێی مامەڵەكردنی ئێمە بن لەگەڵ ئەم نمونە قێزەونانە".
جەختیشیكردوەتەوە، حكومەتی عێراق ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەكاتەوە و رەوتی سەدریش دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران هەمان هەڵوێستی دەبێت.
رۆژی هەینی لە كۆنفرانسی هۆزەكانی عێراق كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، راگەیەنراوی زیاتر لە 300 كەسایەتی بڵاوكرایەوە كە تیایدا داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا و تەلئەبیبیان كرد.
لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق كۆنفرانسەكەی بە نایاسایی ناوبرد و رایگەیاند، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەكەنەوە.
لای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، "كۆبوونەوەكە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوە و بەڕێوەچووە، ئەم كۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكات، ڕێكاری پێویستیش بەرامبەر چۆنیەتی ڕێكخستنی كۆبوونەوەكە دەگرینەبەر.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group