فەرمانی دەستگیر كردن بۆ هۆشیار زێباری دەرچوو

17/05/2022

نەوا-
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرای كرد، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە دادگای فیدراڵی فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەركردووە.
سەرچاوەكانی هەواڵی عیراقی لە زاری سەرچاوەیەكی دادوەرییەوە بڵاویان كردووەتەوە، رۆژی دووشەممە 16ی ئایار دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغدا لەسەر سكاڵایەكی نوێنەری یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، فەرمانی دەستگیر كردنی بۆ هۆشیار زێباری دەركردووە.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، فەرمانەكە بەتۆمەتی تاوانی چەندین جار سوكایەتیكردن بە دەسەڵاتی دادوەریی دەركراوە.
پێشتر هۆشیار زێباری چەندین جار هێرشی كردووەتە سەر دادگای فیدراڵی و لە كۆتا جاریشدا وتی، بڕیاری دادگاكە بۆ هەڵوەشانەوەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك لایەنگرییە و لە رووی ئەمنی و ئابورییەوە زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group