رێگە بە هێزێكی سوپای عیراق نەدرا بچنە كێڵگەی كۆرمۆر

26/06/2022

نەوا-
سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد، رێگری لە تیمێكی سەربازی سوپای عیراق كراوە، كە ویستوویانە بەناوی لێكۆڵینەوەوە بچنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر.
سەرچاوەكە بە دەنگی ئەمریكای وتووە، رۆژی شەممە 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی عیراقی ویستیان لە ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتووەوە بەرەو كێڵگەی كۆرمۆر بڕۆن، بە بیانووی ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هێرشە موشەكیەكانی سەر كێڵگەكە دەكەن، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە رێگەیان پێنەدرا.
بەپێی وتەكانی هەمان سەرچاوە، گومان دەكەن ئەو هێزە بەبیانووی لێكۆڵینەوەوە ویستبێتیان ئەحداسیاتی ناوچەكە وەربگرن.
لەلایەكی ترەوە وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە وتویەتی، دوو هێزی عیراق لە دوو قۆڵی جیاوە و بێ هەماهەنگی هاتبوونە ناوچەكە بەبیانووی ئۆپەراسیۆنەوە دواتر كشانەوە، 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی تر بە جیا هاتبوون گوایە دەچنە كۆرمۆر بۆ لێكۆڵینەوە، بەڵام لە بازگەكە رێگەیان پێنەدرا و گەڕانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group