سەرۆكی دادگای فیدراڵی باسی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات

28/01/2023 عێراق

نەوا-
سەرۆكی دادگای فیدراڵی عیراق رونكردنەوە لەبارەی بڕیارەكەیەوە دەدات و دەشڵێت، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێم وەك سەرجەم فەرمانبەرانی عیراق یەكسان بن لەڕووی ماف و پێدانی موچەوە.
جاسم عبود سەرۆكی دادگای فیدراڵی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عیراقی رایگەیاندوە، دادگاكەیان پابەندە بە جێبەجێكردنی دەستورو یاساو بڕیارەكانیشی لەو چوارچێوەیەدایە بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و گەلی لەبەرچاو گرتوە، پێویستە سەرجەم دادوەرەكان پابەند بن پێوەی و زیادەڕۆیی لەسەر نەكەن ئەگەر لەبەچاوی نەگرن ئەوا كاری دادوەریی لە پێوەرە تەندروستەكەی خۆی لادەدات، كاتێك داوایان لێدەكەن لەبەر دۆخی سیاسی سكاڵایەك یەكلایی نەكەنەوە بەشێوەیەك كە پێچەوانەی دەستورو یاسا بێت واتە داوا لە دادگا دەكەن بەها دادوەرییەكان لەبەرچاو نەگرێت و  ئەمەش هیچ دادوەرێك قبوڵی ناكات.
سەرۆكی دادگای فیدراڵی راشیگەیاندوە، ئامانجمان پاراستن و جێبەجێكردنی تەواوی دەستورو بەسیاسی نەكردنێتی لەبەر بەرژەوەندی گشتی نیشتمان و سەرپێچی نەكردنی یاسایە كە پێویستە وەك خۆی چۆن هاتوە بەوشێوەیە جێبەجێ بكرێت، وەك چۆن لە مادەی 14ی دەستوردا هاتوە عیراقییەكان یەكسانن لەبەردەم یاسادا بەبێ جیاوازی رەگەزو نەتەوەو رەنگ و ئایین و مەزهەب، بۆیە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان وەك هەموو هاووڵاتیانی عیراق جیاوازی نیە لەنێوانیاندا كە دانیشتوی زاخۆ بێت یاخود فاو یان هەر ناوچەیەكی تر.
جاسم عبود وتوشیەتی، پێویستە لەسەر حكومەت و ئەو لایەنانەی پەیوەندیان پێوەی هەیە بگەڕێن بەدوای سەرجەم ئەو رێگایانەی كە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكسان دەكات لە روی بڕی موچەی مانگانەیان و وادەی رادەستكردنیان ناكرێت لایەنێك پابەندی حوكمەكانی دەستورو یاسا كارپێكراوەكان نەبێت، پێویستە پێشێلی بنەمای یەكسانی نەكات و كاربكات لەسەر یەكخستنی موچەی فەرمانبەران و سەرجەم ئەوانەی پەیوەندیان هەیە پێوەی لەسەرتاسەری عیراقدا رێگە نەدرێت دابەشكردنی موچەیان لەبەر هەر هۆكارێك بێت دوابخرێت. 
عبود جەختیشیكردۆتەوە كە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی پێشو نا تەندروست بون و پێچەوانەی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 و یاسای كارگێڕی دارایی بون، هەروەها بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە ناتەندروستیبونی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران. مەبەستێكی نەبوە كە ئاڕاستەی لایەنێكی دیاریكراوی ناو كۆمەڵگەی بكات، بەڵكو تەنها ئامانجی بونیاتنانی دەوڵەتە بەپێی دەستورو یاساو پێشێل نەكردنێتی لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵیەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group