نەوا -
رۆژنامە جیهانییەكان ئاشكرایان كردووە، بنیامین ناتانیاهۆ بووەتە بارگرانی بەسەر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاوە و دەزانێت كە بە مانەوەی ناتانیاهۆ ئاشتی بەرپا نابێت، هەروەها بووەتە كۆسپ لەبەردەم دووبارە بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، جۆ بایدن چیتر ناتوانێت ناتانیاهۆ رازی بكات كە هەنگاو بەرەو هێوركردنەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بهێنێت و بارودۆخی غەززە هێور بكاتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی گرژی پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا.
لای خۆشیەوە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئەوەی ئاشكرا كردووە، ناتانیاهۆ بووەتە بارگرانی بەسەر بایدنەوە و لە پرۆسەی دووبارە خۆپاڵاوتنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا زیانی لێدەدات، هەروەها ئاگری شەڕی غەززە كۆتایی بە سەرجەم چانسەكانی دەهێنێت بۆ بوونەوە بە سەرۆكی ئەمریكا.
ئەو رۆژنامە پێشی وایە، تاوەكو ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بایدن و سەركردەكانی خۆرئاوا بەربەستێكی گەورە لە بەردەمیاندا دەبێت، ئێستا ناتانیاهۆ زۆر لە پێشووتر بووەتە بەربەست، بەردەوامی شەڕی غەززە ئەوە دەردەخات كە ناوبراو گوێڕایەڵی ئەمریكییەكان نییە و ئامۆژگارییەكانی بایدن پشتگوێ دەخات، بایدن نەیتوانیوە جڵەوی ناتانیاهۆ بگرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رووبەڕووی توڕەیی ناوخۆیی و دەرەكی ببێتەوە.