شەپۆلی بارانبارین كۆتایی دێت

27/11/2023

نەوا - 
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئاشكرای كرد، سبەینێ سێشەممە شەپۆلی بارانبارین كۆتایی دێت و ئاسمان بەرەو پەڵەهەور بۆ ساماڵ دەگۆڕدرێت.
كەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان هەور دەبێت لە تەواوی ناوچەكەمان لەگەڵ نمەبارانی پچر پچر، لەكاتەكانی دوانیوەڕۆ رێژەی دابارین زیاد دەبێت، بەجۆرێك نمەباران زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە لەگەڵ بەفربارین بەتایبەتی لە ناوچە شاخاویە سنوریەكانی باكور و باكوری خۆرهەڵاتی هەرێم.
رونیشكراوەتەوە، پاشان كاریگەری ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت لەكاتەكانی شەودا كاریگەری كەمی لەناوچە شاخاویە بەرزەكان دەمینێتەوە، بەگشتی پلەكانی گەرما "2 بۆ 3" پلە نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
سەبارەت بە كەشوهەوای رۆژی سێشەممە ئاماژە بەوەدراوە، ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ نمە بارانێكی كەم لەناوچە شاخاویە سنوریەكان لەكاتەكانی بەرەبەیاندا، پاشان كاریگەری ئەم شەپۆڵە كۆتایی دێت و ئاسمان بەرەو پەڵە هەور و ساماڵ دەگۆڕێت، لەكاتەكانی شەودا ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە بەتایبەتی لە هەندێك ناوچەكانی پارێزگای دهۆك.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group