نەوا-
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تۆمار كراون.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق لە لێدوانێكدا بەبۆنەی رۆژی منداڵانی عیراقی تەئكیدی كردەوە، زیاتر لە 3 ملیۆن و 479 هەزار منداڵ لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتەكەیان تۆمار كراون ئەمەش ژمارەیەكی گەورەیە كە تائێستا وەزارەتەكە تۆماری كردبێت بۆ هاوكاریكردنی ئەو منداڵانەی رێنماییەكانی وەزارەتەكەیان دەیانگرێتەوە.
ئەسەدی وتیشی: ستراتیجیەتێكی نیشتمانی پەیڕەو دەكەن بۆ گەشەپێدانی منداڵان لە وڵاتدا كە خۆی لە گەشەپێدانیدا دەبینێتەوە تا تەمەنی 18 ساڵیان بۆئەوەی پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكەن.
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق وتیشی: لەگەڵ لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی منداڵ لە هەوڵدان بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە منداڵان دەكرێن بۆئەوەی عیراق لە لیستی بەكارهێنانی منداڵان لە ململانێ چەكدارییەكان دەربهێنێت.