نەوا-
دوای ئەوەی چوارەمین خولی دانوستانی نێوان ئەمریكاو ئێران دواخرا، بڕیارە هەفتەی داهاتو جارێكی تر دانوستانەكان دەستپێبكەنەوە.
ئاژانسەكانی ئێران بڵاویانكردوەتەوە، دوای ئەوەی چوارەمین خولی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دواخرا، بڕیارە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوانیان رۆژی یەكشەممەی داهاتو 11-5 لەشاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەبچێت.
باس لەوەشكراوە، خولی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەسەر پێشنیاری سەڵتەنەی عوممان دوبارە دانرایەوە كە بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە دوبارە وادەی نوێی كۆبونەوەكەی راگەیاند كە بڕیاربو لە رۆژانی رابردودا بەڕێوەبچێت و دواخستنەكەشیان بۆ هۆكاری لۆجستی گەڕاندەوە.
باس لەوەشكراوە، دواخستنی دانیشتنی پێشو بەهۆی هەڵوێستە ناكۆكەكانی ئیدارەی ئەمریكا بوە سەبارەت بە دانوستانەكان و هەوڵەكانی بۆ گۆڕینی چوارچێوەی گشتی دانوستانەكان كە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كرابو.