نەوا-
پەرلەمانتارێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەشاندێكی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعیراق (یۆنامی) رادەگەیەنێت، بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە.
كاوە عەبدولقادر سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، پێشوازیان لەشاندێكی یونامی بەسەرۆكایەتی موتسی مورنیارادزی بەرپرسی كاروباری سیاسی یونامی لەهەرێمی كوردستان كردوەو پێیان راگەیاندوە كە پارتی و یەكێتی پەرلەمانیان پەكخستوەو ناهێڵن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كارابێت كە دژی بنەماكانی دیموكراسی و خواستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.
كاوە عەبدولقادر راشیگەیاندوە، لەو كۆبونەوەیەدا رایانگەیاندوە ئێستا بارودۆخی هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە سەرەڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم بەناوی كارەبای 24 كاتژمێری بارگرانیەكی زۆری خستۆتە سەرشانیان بەجۆرێك ئەو نرخەی دیاریكردوە لەنرخی كارەبای زۆربەی زۆری وڵاتانی پێشكەوتو زیاترە، ئەمەش وایكردوە راستەوخۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ببن بەكرێچی حكومەت و ناشتوانن بەو نرخە زۆرە كرێی كارەبا دابین بكەن.
ئاماژەشیكردوە، ئەركی حكومەتی كاربەڕێكەر تەنها بەڕێكردنی كارەكانە نەك بڕیاردان كەئەمەش پێچەوانەی یاساو دەستورە.
رۆژی 15-4ی مانگی رابردو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبو، ئەگەر پەرلەمانی كوردستان لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا كۆنەبێتەوە ئەوا پەنا دەبەنە بەر هەڵوەشاندنەوەی.