نەوا-
نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، رەنگە پەیوەندیكردن و نزیكبونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ رۆژئاوا ببێتە هۆی تیرۆركردنی.
تۆم باراك نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵەكانی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ پێشختنی حوكمڕانی و پەیوەندیكردن و نزیكبونەوە لە رۆژئاوا، رەنگە ببێتە هۆی تاوانباركردنی لەلایەن توندڕەوانی ناڕازییەوە.
باسی لەوەشكرد، پێویستە بۆ رێگریكردن لەو روداوە، سیستمێكی پاراستن لە دەوری ئەحمەد شەرع دروست بكەن، چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی كاتیی سوریا هاوشێوەن، وتیشی بۆ دانانی ئەو سیستمە پێویستیان بە هاوكارییەكی نزیك و هاوبەشی هەواڵگریی هەیە.
تۆم باراك ئاشكراشیكرد، لە ئێستادا زنجیرەیەك ئاڵنگاریی لەبەردەم سەرۆككۆماری كاتیی سوریادا هەن، لەوانەش یەكخستنی هێزە كوردییەكان لەگەڵ سوپای سوریا و یەكخستنی یەكەی شەڕكەری بیانی و چارەسەركردنی كەمپەكان لە باكوری سوریا.