پەرلەمانتارێكی عێراق: ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی هەرێمە و دەبێت پابەند بێت

8 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە ڕوونی لە یاسای بودجەی 2023دا ڕێكخراوە و بە ڕوونی تێیدا هاتووە كە دەبێت مووچە لە بانكە حكومییەكان یان بانكە بڕواپێكراوەكانی بانكی ناوەندی یاخود تەنانەت بانكە ئەهلییەكانیش بەبانكی بكرێن و ئەوەش وەك مەرجی سەرەكی خەرجكردنی مووچە دانراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری بەبانكیكردنی مووچەوە پابەند نەبووە، ئەوەش وایكرد حكومەتی فیدراڵی مووچەی هەرێم وەك پێشینە و قەرز بنێرێت.
گەرعاوی بابسی لەوەشكرد، دەبوو دواتر ئەو پێشینانە لە پشكی هەرێمی كوردستان بدرایەتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم نە داهاتی نانەوتی و نە داهاتی نەوتیی پێشووشی ڕادەست نەكردووە، ئەمە جگە لە كەڵەكەبوونی قەرز لە سەری كە 4 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
مستەفا گەرعاوی وتیشی، “ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و دەبێت بە هەموو بڕگەكانی یاسای بودجەوە پابەند بێت و ئەو شایستە داراییانەی لەسەرێتی، بیدات.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیشیكردەوە، چارەسەركردنی كێشەكە بریتییە لە بە بانكیكردنی مووچە بە شێوەیەكی فەرمی، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی، ڕەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش گەرەنتی بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group