نەوا-
بانكی ناوەندیی عێراق دەستپێكردنی خزمەتگوزارییەكی نوێی راگەیاند، كە بریتییە لە گواستنەوەی پارە لە رێگەی جزدانی ئەلیكترۆنییەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانكی ناوەندیی عێراق، ئەم هەنگاوە توانای تاك و خاوەنكاران بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییەكان بە خێرایی و ئاسانیی زیاترەوە زیاد دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا ، خزمەتگوزاریەكان پێكدێت لە گواستنەوەی پارە لەنێوان جزدانە ئەلیكترۆنییەكانی سەر بە دابینكەرە جیاوازەكان، هەروەها، گواستنەوەی پارە لە جزدانی كڕیارەوە بۆ جزدانی بازرگانان لەكاتی پرۆسەی كڕیندا.
بانكی ناوەندیی عێراق باسی لەوەشكردوە، ئەم هەنگاوە گۆڕانكارییەكی گرنگە بۆ پێشخستنی گشتگیریی دارایی و پشتیوانیكردن لە هەوڵەكانی گۆڕانی دیجیتاڵی، هەروەها ئاسانكاری بۆ جووڵەی پارە دەكات و پاڵپشتیی كەرتی بازرگانی دەكات، لەگەڵ فراوانكردنی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای دارایی لە عێراق.