محەمەد شیاع سودانی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە بەردەوام دەبێت

3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پرسێكی تەكنیكی و یاساییە و بە سیاسی نەكراوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو رایگەیاند: بەگوێرەی یاسا، تەواوی پارێزگاكانی عێراق داهاتەكانیان ڕادەستی بەغدا دەكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لێكدانەوەیەكی دیكە بۆ ئەم پرسە هەیە، بۆیە كەمێك درەنگ كەوتین لە چارەسەركردنی ئەو پرسە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە نامانەوێت مووچەی هەرێم دوابكەوێت، بەڵام زیاتر لە ساڵێك بەردەوام بووین تا لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دواتریش كۆمپانیاكان ڕێككەوتین، بۆیە تا ئەو كاتە مووچە دوادەكەوت.
سودانی باسی لەوەشكرد، بەشی هەرە گرنگی پرسەكە كە ناردنی نەوتە ئێستا چارەسەر كراوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەمێنێتەوە بە زوویی چارەسەر دەبێت و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆ لەمەودوا مانگانە بەردەوام دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group