ژمارەیەك هاوڵاتی و رێكخراو ئیدانەی روداوەكەی شەوی سەری ساڵ دەكەن

20 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
ژمارەیەك هاوڵاتی و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەهەرێمی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا بۆ رای گشتی لە عیراق بە توندی سەركۆنەی ئەو روداوەیان كردوە كە شەوی سەری ساڵی نوێ لەشاری بەسرە رویدا كە بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوكراوەكان هەراسانكردنی زارەكی و جەستەیی چەند كچێك بوە لەشوێنێكی گشتیدا كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا پێشێلكردنێكی رون و ئاشكرای شكۆی مرۆڤ و ئەو ماف و ئازادییانەیە كە دەستور چەسپاندونی.
لەبەشێكی تردا راشیانگەیاندوە، ئەم جۆرە روداوانە هەستكردن بەئارامی و سەقامگیری لە شوێنە گشتیەكاندا لاواز دەكات، ناتوانرێت تەنها وەك روداو تەماشا بكرێن بەڵكو ئەم روداوانە بریتین لەئەنجامی كەڵەكەبونێكی ترسناكی گوتاری رق و كینەو هاندانی بەكەم تەماشا كردنی ژنان و لاوازی وشیاری كۆمەڵگەیی. 
هەر لە راگەیەنراوەكەدا داوا لە دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە پارێزگاكەدا كراوە كە بە زوترینكات لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر ئەوەی رویداوە، پاشان گومانلێكراوان راپێچی دادگا بكەن بەبێ گوێدانە فشارەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group