مارك ساڤایا: لە عێراقدا بەرەنگاری قاچاخچێتی و گەندەڵی دەبینەوە
5 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ڕایگەیاند، كۆبوونەوەیەكی زۆر سەركەوتوومان لەگەڵ تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، و جۆ كێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەنجامدا، كە تێیدا كۆمەڵێك پرسی زۆر گرنگمان تاوتوێ كرد.
ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆكانیان دەربارەی ڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بوون كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن لەگەڵ ئەو تۆڕانەی پەیوەندییان پێیانەوە هەیە.
وتیشی، جەختمان كردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بنیادنان لەسەر ئەو دەستكەوتانە، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی سنوورەكان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و گەندەڵی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
مارك ساڤایا ڕاشیگەیاند، لەژێر سەركردایەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا، پابەندبوونی تەواوی خۆی دووپات دەكاتەوە بۆ ئاشكراكردن و بەدواداچوونی هەر سەرپێچییەك لە هەر شوێنێك بێت و چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و دەستەبەركردنی ئاسایشەكەی، بەجۆرێك كە خزمەت بە سەروەری عێراق و خۆشگوزەرانی گەلی عێراق بكات.