وەزیری دادی عێراق: دیلەكانی داعش لە شوێنێكدان كە هەڵهاتن لێی ئەستەمە

5 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

 نەوا-
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی بە هەزاران زیندانی سەر بە ڕێكخراوی داعشی لە سوریاوە وەرگرتوە.
خالد شوانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شەرق ئەلئەوسەت باسی لە چارەنوسی زیندانییە بیانییەكانی سەر بە داعش كرد و ڕایگەیاند، ئەوانەی سەلمێنراون كە دەستیان لە تاوانەكانی دژی عێراقییەكان هەیە، بەغدا ڕادەستی وڵاتی ڕەسەنیان ناكاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتانە داوای گەڕانەوەیان بكەن.
ئاشكراشیكرد، دوای ئەوەی لە زیندانەكانەوە گواستراونەتەوە كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)وە سەرپەرشتی دەكرا، ئێستاش لە زیندانێكی پارێزراودان كە پێشێلكردنی یان هەڵهاتن لێی ئەستەمە.
باسی لەوەشكرد، عێراق هاوكار دەبێت لەگەڵ وڵاتانی گیراوان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی دەستیان لە تاوانی دژ بە عێراقییەكاندا نییە دوای تەواوبونی لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنەكان، هاوكات لێكۆڵینەوەی ئەوانی تریش بەپێی یاساكانی عێراق بەردەوامدەبێت. خالد شوانی وتیشی، وەزارەت بەرنامەی چاكسازی لەناو زینداندا دەگرنەبەر، لەوانەش بەرنامەی میانڕەوی بۆ بنبڕكردنی بیری توندڕەوی و فێركردنی لێهاتویی لە هەوڵێكدا بۆ ئەوەی زیندانییەكان نەبنە هەڕەشە لە  داهاتودا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group