باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی دەكات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هۆشدارییەكی ئەمنیی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی خۆی كرد و رایگەیاند، زانیارییان لەبەردەستە گرووپە چەكدارەكان لە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشن لە ناوەڕاستی بەغدا لە ماوەی 24 بۆ 48 كاتژمێری داهاتوودا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی باڵیۆزخانە، ئەو گرووپە چەكدارانەی هاوپەیمانی ئێرانن، پێشتر هێرشی فراوانیان كردووەتە سەر هاووڵاتییانی ئەمریكی و بەرژەوەندییەكانی واشنتن لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق. هۆشداریش دراوە پێدەچێت هێرشەكان هاووڵاتییانی ئەمریكی، كۆمپانیاكان، زانكۆكان، دامەزراوە دیپلۆماسییەكان، ژێرخانی وزە، هۆتێلەكان و فڕۆكەخانەكان بكەنە ئامانج، جگە لە ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە حكوومییەكانی عێراق و شوێنە مەدەنییەكان.
باسی لەوەشكردوە، مەترسیی رفاندنی هاووڵاتییانی ئەمریكی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لە ئارادایە، هەر بۆیە داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كردووە "دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن".
باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێت، حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە رێگریی لەو هێرشە تیرۆریستییانە بكات كە لە ناوخۆی وڵاتدا روودەدەن، ئاماژە بەوەش كراوە، رەنگە هەندێك لەو گرووپە چەكدارانە پەیوەندییان بە حكوومەتەوە هەبێت یان ناسنامەی فەرمی دامەزراوەكانی دەوڵەتییان پێ بێت.
سەبارەت بە كارەكانی نێردەی دیپلۆماسی ئەمریكا، باڵیۆزخانەكە ئاشكرایكردوە، سەرەڕای بڕیاری چۆڵكردنی بەشێك لە كارمەندەكانیان، بەڵام هێشتا بەردەوامن لە پێشكەشكردنی هاوكاریی بە هاووڵاتییانیان. داواش لە ئەمریكییەكان كراوە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەكان و ئەگەری هێرشی موشەكی و درۆن، هەوڵی چوون بۆ باڵیۆزخانە لە بەغدا نەدەن.
لە كۆتاییدا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا پێداگری لەسەر ئاستی چوارەمی هۆشداریی گەشتكردن كردەوە واتە (ئاستی سوور) و رایگەیاند: "بە هیچ هۆكارێك گەشت بۆ عێراق مەكەن، ئەگەر لەوێشن، دەستبەجێ بیهێڵنەوە."