ئەمریكا بڕیارێكی نوێ سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق دەردەكات
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
دەستەی فڕۆكەوانیی فیدراڵیی ئەمریكا بڕیار و ڕێنماییە نوێیەكانی سەبارەت بە كۆتوبەندەكانی گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی بەسەر ئاسمانی عێراقدا بڵاوكردەوە و فڕینی لە ئاستی نزمدا قەدەغە كرد.
بەپێی ڕێنماییە فەرمییەكان، فڕۆكە مەدەنی و بازرگانییەكانی ئەمریكا ڕێگەیان پێدراوە تەنها لە بەرزایی سەروو 30 هەزار پێ، یاخود لە هەندێك بارودۆخدا سەروو 20 هەزار پێ، بەسەر ئاسمانی عێراقدا بڕۆن. هەروەها بڕیارەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم قەدەغەكردنە كاتی نیشتنەوە یان فڕین لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی ناگرێتەوە.
دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم ڕێكارانە بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییانەوەیە كە لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە و هەڕەشە لەسەر سەلامەتیی فڕۆكە مەدەنییەكان دروست دەكەن، بەمەش سەرجەم كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانیی ئەمریكی پابەند دەكرێن بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و بەكارهێنانی ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گەشتەكانیان.