نێچیرڤان بارزانی: نابێت هێزی پێشمەرگە تێكەڵی كێشە و ململانێ سیاسییەكان بكرێت

5 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
لە میانی بەشدارییكردنی لە مەراسیمی دەرچوونی خولی پێنجەمی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پەیامی لەبارەی پێگەی پێشمەرگە و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوخۆیی هەرێم ئاراستەی لایەنەكان كرد.
ئاماژەی بەوەشدا، ناوی پێشمەرگە پیرۆزییەكی تایبەتی هەیە و بەشێكی زێرینی ناسنامەی نیشتمانییە، بۆیە، پێویستە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتمانیدا خزمەت بكات و بە گیانی داهێنان و ئاشنابوون بە تەكنەلۆژیای جەنگیی سەردەمیانە خۆی رێكبخاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی دا لەوەی كە نابێت هێزی پێشمەرگە تێكەڵی كێشە و ململانێ سیاسییەكان بكرێت، بەڵكو دەبێت وەك هێزێكی نیشتمانی بۆ پاراستنی شكۆی هەموو مرۆڤەكان بەبێ جیاوازی بمێنێتەوە.
 هاوكات جەختی لەوەش كردەوە، هەوڵەكانیان بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، سەرۆكی هەرێم باسی لەوەكرد، چارەنووسی هەرێم و عێراق پێكەوە بەستراوەتەوە و یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگەش گەرەنتییە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكان، داواشی لە حكومەتی عێراق كرد كە لەسەر بنەمای دەستوور، بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی و دابینكردنی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان بۆ پێشمەرگە.
لە كۆتایی وتەكەیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانانی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا كرد بۆ هاوكارییەكانیان لە شەڕی دژی داعش و رایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمیشە وەك فاكتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەكەدا دەمێنێتەوە و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رووبەڕووی ئاستەنگەكان دەبنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group