نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا هۆشداری توند دەدات لە تێكەڵكردنی یاسا بە ململانێ سیاسییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی.
سەنتەرەكە ئاماژەی بەوەداوە، لە ئێستادا داوا یاساییەكان خەریكە دەبنە ئامرازێكی سیاسی بۆ فشار خستنە سەر ڕۆژنامەنوسان و ئەمەش نەك تەنها ئازادی میدیا، بەڵكو سەروەری یاساشی لە هەرێمدا خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، لە دو مانگی ڕابردودا زیاتر لە 10 كەیسی بڵاوكردنەوە تۆماركراون، كە لە جیاتی پەنابردن بۆ "یاسای ڕۆژنامەگەری"، یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 (یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن) بەكارهێنراوە، كە سزای توندی بەندكردنی تێدایە و بۆ مەبەستی بێدەنگكردنی ڕەخنەگران بەكاردێت.
میترۆ دەشڵێت، یەكێك لە نوێترین نمونەكان، فەرمانی دەستگیركردنە بۆ ئەحمەد نەجم، سەرۆكی بۆردی بەڕێوەبردنی كەناڵ8 و ڕۆژنامەنوس بژار دەباغ، كە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە واژۆكراوە".
سەنتەرەكە باس لەوەش دەكات، كە دڵنیایە هیچ بنكەیەكی پۆلیسی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوبەری داواكەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم جێبەجێناكەن و بە هۆی دابەشبونی سیاسی، بە وەزیری خۆیانی نازانن، ئەمە بۆ فەرمانەكانی سلێمانیش راستە.
سەنتەرەكە جەخت دەكاتەوە كە هەردو حزب میدیاكانیان بۆ شەڕی سیاسی و شكاندنی شكۆی یەكتری بەكاردەهێنن، ئەمەش زیانی گەورەی بە پرۆسەی سیاسی و گیانی پێكەوەیی گەیاندوە.
ئاشكراشیكرد، پەرەسەندنی ئەو داوا یاساییانەی كە رەهەندی سیاسییان پێوە دیارە، نەك ئازادی كاری رۆژنامەگەری، سەروەری یاساش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا ئەوەش هاتوە، پەنابردن بۆ یاسای ژمارە (6) ی ساڵی 2008 "یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن"، لە كەیسەكانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاند، بێ نرخكردنی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007 "یاسای رۆژنامەگەری"ە لە كوردستان و پێویستمان بەكاری هەرەوەزی هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی.