دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی سێ داعش ڕادەگەیەنێت

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێم، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانیاندا بۆ ڕاوەدونانی پاشماوەكانی داعش، توانیویانە لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و كەركوك سێ تیرۆریستی مەترسیدار دەستگیر بكەن.
ئاماژەی بەوەشكراوە، ئەو كەسانە دانیان بەوەداناوە كە پێشتر هەوڵی جیدییان داوە بۆ (هیجرەت) و چونە ناو ڕیزەكانی داعش، بەڵام بەهۆی توندوتۆڵی ڕێكارە ئەمنییەكان و داخستنی ڕێگاكان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە، پلانەكانیان شكستی هێناوە.
دەزگای ئاسایش باسی لەوەشكردوە، دوای شكستی هەوڵی كۆچكردنیان، ئەو گروپە ئەركەكەیان گۆڕیوە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری توندڕەوی بۆ داعش، ئەوان لە ڕێگەی 10 پەیج و ئەكاونتی جیاواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی (فەیسبوك، تیكتۆك، ئینستاگرام، تێلیگرام و یوتوب) ڤیدیۆ، وێنە و نوسینە توندڕەوەكانی داعشیان بڵاوكردوەتەوە، بە ئامانجی فریودانی گەنجان و هەرزەكاران بۆ ناو ڕێكخستنەكانی ئەو گروپە. 
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕو، لە ئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (2) لە یاسای تیرۆر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group