"رۆژی دووشەممە مامۆستایانی و فەرمانبەرانی گرێبەست مووچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
عەلی ڕەئووف مستەفا نوێنەری گشتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردەوە وەریانگرتوون، ڕۆژی دووشەممە27ی مانگ مووچەی مانگی 6ـی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و پرۆسەكە 5 ڕۆژ دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تۆماركردنی ناوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە سیستەمی (Payroll) هەنگاوی یەكەمە بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، لەو چوارچێوەیەشدا كۆبوونەوەی گرنگتر ئەنجام دەدەین.
سەبارەت بە وردەكاری ژمارەی مووچەخۆرانی گرێبەست، نوێنەری گشتی ئاماژەی بەوە كردووە، كۆی گشتییان 86,791 كەسن و مانگانە بڕی 42 ملیار و 623 ملیۆن دیناریان بۆ دابین دەكرێت، كە مووچەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەكرێت.
لەكۆتاییدا، نوێنەری گشتی گرێبەستەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی سەرەڕای ئەوەی 10 ڕۆژە دابەشكردنی مووچە دەستی پێكردووە، بەڵام مووچەی ئەوان ڕاگیرابوو.
وتیشی، بەپێی نووسراوی فەرمی دەبوو مووچەی گرێبەستەكان لەگەڵ وەزارەتەكانی خۆیاندا بەیەكەوە دابەش بكرێت، بەڵام بەداخەوە پابەندی بڕیارەكان نەبوون.