وەزارەتی نەوتی عێراق: رۆژانە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە باشوورەوە هەناردە دەكرێ

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
سەلیم رووكابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند، تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەكانی باشوورەوە گەیشتووەتە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل.
سەبارەت بە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان، سەلیم روكابی ئاماژەی بەوە كرد، بڕی هەناردەكە هێشتا جێگیر نییە و لە 150 هەزار بەرمیلەوە دەستپێدەكات و رۆژی واش هەیە گۆڕانی بەسەردا دێ.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت باسی لەوەشكرد، نەوتەكە لە بەندەرەكان رادەستی كڕیار دەكرێ و كۆمپانیا و لایەنە كڕیارەكان خۆیان بەرپرسیارێتی گواستنەوەی نەوتەكە و تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمز لە ئەستۆ دەگرن.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، ئەوەی هەیە بڕیارێكی هەمیشەیی نییە، بەڵكو "رێككەوتنێكی كاتییە" بۆ تێپەڕاندنی نەوتی خاوی عێراق بە نێو خاكی توركیادا لە رێگەی بۆرییەكەوە.
روكابی ئاشكراشیكرد، ئەو رێككەوتنە ئامانجی ئەوەیە توانای هەناردەكردن بگەیێنێتە 750 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام پڕۆسەكە بە یەكجار نابێت و نەكراوەتە مەرجێكی سەرەكی لە رێككەوتنەكە، بەڵكو بە شێوەیەكی پلەبەندی بڕی نەوتەكە زیاد دەكرێ تاوەكو دەگاتە ئەو ئاستەی دیاریكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group