نەوا-
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوای لەحكومەتی عیراق كرد، رێكاری بەپەلەو بڕیاربدەرانە بگرێتەبەر بۆ بەهێزكردنی پاراستنی ژنان و بە دەربازبونی تاوانباران لە سزادان.
لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە كردوە، سەرۆك وەزیران سەرەڕای بەڵێنەكانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا پێشكەوتنی بەرچاوی لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤدا بەدەستنەهێناوە، رێكارەكانی پەیوەست بە بەهێزكردنی ژنان و پشتگیریكردنی رێكخراوە سەربەخۆكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بە سنوردار هەژمار كرد كە ناگونجێن لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییەكانی بەردەم كۆمەڵگەی عیراقی.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە نامەكەیدا جەختیكردوەتەوە كە ئامارێكی فەرمی بونی نییە تا راستی رودانی تاوانەكانی كوشتن بە پاساوی پاراستنی شەرەف دەربخات ئەمەش پێویستی بە دەستوەردانی یاسایی بڕیاردەرانە هەیە بۆ پاراستنی قوربانیان.
هەروەها سەركۆنەی بەردەوامی گوشارەكانی سەر ئازادیی دەربڕینی كردوە كە لە ساڵانی رابردودا چالاكوانان، توێژەران و رۆژنامەنوسانیان بەئامانج گرتوە، لەهەمانكاتدا رفاندن زیادیكردەوە ئەمەشی بە دەرخەری پاشەكشەی ئەمنی زانیوە.