تا ئێستا قەبارەی زیانەكانی‌ ئاگرەكەی‌ شەوی‌ رابردووی چیای ئەزمەر نەزانراوە

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان و ژینگەی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، تا ئێستا قەبارەی زیانەكانی‌ ئاگرەكەی‌ شەوی‌ رابردوو نەزانراوە و لێكۆڵینەوەكان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان و ژینگەی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئاگرێك لە چیای ئەزمەر بە دیوی ناحیەی سیتەك كەوتەوە و بەهۆی خێرایی  با ئاگرەكە زیاتر تەشەنی سەندو فراوان بوو.
ئاماژە بەوەشدراوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و سیتەك و مەفرەزەیەكی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی خۆیان گەیاندە شوێنی ئاگرەكەو هەموو هەوڵەكان چڕكرانەوە تا بەزووترین كات ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
رونیشكراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی بوونی بایەكی بەهێز كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكە سەخت بوو، بەڵام دواجار بە هاوكاری و هەماهەنگی تیمەكانی بەرگری شارستانی سلێمانی و سیتەك و چوارتاو خەڵكی خۆبەخش توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و بكوژێنرێتەوە. 
بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ دارستان  باسی لەوەشكرد، تا ئێستا قەبارەی زیانەكان نەزانراوە و لێكۆڵینەوەكان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group