نەوا-
بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 36 كۆچبەر لە ژێر دەستی باندە قاچاخچییەكان لەلایەن دەزگای پاراستنی نیشتمانی وڵاتی لیبیاوە رزگار كران و گەیەنرانە باڵیۆزخانەی وڵاتی عیراق، ئەو كەسانەی كە رزگاركراون لە سەرەتای ئەم مانگەوە رویان لە وڵاتی لیبیا كردبو بەمەبەستی گەیشتن بە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا.
وتیشی: ئەوەی جێی داخە كۆمەڵێك گەنجی دیكەی هەرێمی كوردستان بەشێكیان لە 15-3ی ئەمساڵەوە بەشێكی دیكەشیان لە كۆتایی ئەم مانگەوە چارەنوسیان نادیارە، وەك كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە سەرانسەری هەرێم بەردەوام هۆشداریانداوە لە ترسناكی ئەو رێگایە.
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەمساڵ كۆچكردن لاوازبوەو كەمیكردوە، بەڵام بەردەوامی هەیەو كۆچكردن لەهەڵكشاندایە، هەروەها بەهۆی رێگە پڕ مەترسییەكانەوە لەئەمساڵدا 20 كەس بێسەروشوێن بون.