هەرێمی كوردستان لە دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە كاتێكدا جیهان بەدەست قەیرانی توندی كەمئاوییەوە دەناڵێنێت، هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە ڕووی دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان، سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستبهێنێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەرێمی كوردستان نوێترین ئاماری پلاندانی بەرێوبەرایەتیەكەی بڵاوكرایەوە و ئاشكرایكرد، بە دابینكردنی 400 لیتر ئاو بۆ هەر تاكێك لە ڕۆژێكدا، وەرچەرخانێكی گەورەی لە ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانی حكومەت دروستكردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وشكەساڵی، چەندین پرۆژەی ستراتیژیی گەورەی لە سەرانسەری هەرێم جێبەجێ كردووە، ئەم هەوڵانە تەنها بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی ئێستا نەبووە، بەڵكو وەك پاشخانێكی بەهێز بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاوی نەوەكانی داهاتوو داڕێژراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە ڕێگەی تێكەڵكردنی سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، هاوسەنگییەكی تەواو لە دابینكردنی ئاو بۆ زیاتر لە 6 ملیۆن هاووڵاتی دروست بكات.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، هەرێمی كوردستان لە ڕووی پشكی تاك لە ئاو بە لیتری ڕۆژانە، لە ئاستێكی یەكجار بەرزدایە و كێبڕكێی وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئاو دەكات، بەشێوەیەك:
ئەمریكا: 666 لیتر.
ئیمارات: 500 لیتر.
كەنەدا: 431 لیتر.
هەرێمی كوردستان: 400 لیتر.
بەرێوبەرایەتیەكە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش وڵاتانی وەك سعوودیە (286 لیتر)، ئیتاڵیا (228 لیتر)، فەڕەنسا (151 لیتر)، بەریتانیا (136 لیتر) و تەنانەت وڵاتێكی وەك ژاپۆن (99 لیتر) دێت، ئەم ئامارانە نیشانەی ئەو وەبەرهێنانە گەورەیەن كە كابینەی نۆیەم لە كەرتی ئاودا كردوویەتی.
بەپێی داتاكانی بەشی پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ، لە ئێستادا ڕۆژانە 2,970,206 مەتر سێجا ئاوی پاك لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، ئەم بڕە زۆر گەورەی ئاو لە ڕێگەی ژێرخانێكی فراوانەوە دابین دەكرێت كە پێكهاتووە لە، 25 پرۆژەی ستراتیژی، 547 كانیاو، 4,916 بیر و 26 كۆمپاكت یونت، هەروەها تۆڕی گەیاندنی ئاو گەیشتووەتە 20,895 كیلۆمەتر كە خزمەتگوزاری ئاو دەگەیەنێتە 1,095,936 هاوبەش.
هەورەها، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، كۆی گشتی 428,900,738 مەتر سێجا ئاوی پاك بەرهەمهاتووە، ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی كانوونی دووەمدا 64,621,164 مەتر سێجا بووە و لە وەرزی گەرمادا و لە مانگی حوزەیراندا بۆ 80,830,718 مەتر سێجا بەرز بووەتەوە، ئەمەش توانای حكومەت نیشان دەدات لە كۆنترۆڵكردنی زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە كاتی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا.
بەپێی دواین سەرژمێریی ساڵی 2024، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 6,370,662 كەس و دابینكردنی زیاتر لە 400 لیتر ئاو بۆ هەر تاكێك، لە كاتێكدا ستانداردی عێراق تەنها 191 لیترە، گەورەترین بەڵگەی سەركەوتنی سیاسەتی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا.