بزوتنەوەی گۆڕان-كوردسات كۆنفرانسی نائاسایی دەكات و هەڵسوڕاوانی زەرگەتەش رەتیدەكەنەوە

54 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
بڕیارە بزوتنەوەی گۆڕان-كوردسات لەشاری سلێمانی كۆنفرانسی نائاسایی ئەنجامبدات بە چاودێری و رەزامەندی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق.
 بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، پێویستە 251 ئەندام ئامادەی ئەو كۆنفرانسە نائاساییە ببن دەنگ بدەن لەسەر هەڵبژاردنەوەی دانا ئەحمەد مەجید لە دەستەی گشتی بزوتنەوەكەو پاشان بە رێكخەری گشتی.
لەبەرامبەر ئەو كۆنفرانسەدا هەڵسوڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان-زەرگەتە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو نوێنەری ئەو هەڵسوڕاوانە رایگەیاند، پێشتر دەستەی دادوەریی بەبڕیارێك بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەڵوەشاندەوە، سەرباری بڕیارەكەی دادگا دەسەڵاتدارانی هەرێم جارێكی تر لە رێگەی دەستێوەردانی سیاسییەوە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بڕیارێكی تری پێچەوانەی یاساو دژ بە بڕیاری بنبڕی دەستەی دادوەریی دەركردوە بەمەبەستی بەزۆر شەرعاندنیان.
لەبەشێكی تردا رایگەیاند، وەك هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە دەسەڵاتدارانی دادوەریی دادگاكان دەكەن رێگری یاسایی بكەن لە پێشێلكردنی بڕیارە بنبڕەكان، چونكە بازدان بەسەر ئەم بڕیارەدا لێدانە لە سەروەریی یاساو شكۆی دادگاكان، بەفەرمیش تانەی یاساییان لەم بڕیارە نوێیەی كۆمسیۆن داوەو بزوتنەوەی گۆڕان بە بڕیاری سیاسی و دەستێوەردان لەناو ناچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group