نەوا-
سالار حاجی عەلی شارەزا لە بواری كەشناسی ڕایگەیاند: بەپێی نوێترین نەخشەكانی كەشوهەوا، ئەمڕۆ 7ی ئەیلول شەپۆلێكی ناسەقامگیری و بارانبارینی لاواز ڕوو لە ناوچە شاخاوی و كوێستانەكانی هەرێم دەكات.
ئەو شارەزای كەشناسیە، هۆكاری ئەم شەپۆلە دەگەڕێنەتەوەوە بۆ هاتنی بارستە هەوایەكی شێدار لە دەریای ناوەڕاست و كەنداوی عەرەبییەوە، كە بەهۆی سیستەمێكی پەستانی هەوای نزم و تێكەڵبوونی لەگەڵ چینە ساردەكانی سەرەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبروسكە و بارانی كەم، پێشبینیش دەكرێت سبەینێ كاریگەرییەكەی كۆتایی بێت.
سەبارەت بە دیاردەی "كەپرەشینە"، ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕوونیكردەوە، ئەم ناوە لە دابونەریتی لادێ و گوندنشینەكانەوە هاتووە لە كۆندا كەپر و ساباتیان بە گەڵای درەخت دروستكردووە، بەهۆی بارانی ئەم مانگەوە گەڵاكان ڕەنگیان سەوز و شین بووە و گیا لە دەوروبەری كەپرەكاندا ڕواوە بێ ئەوەی تێكیان بدات، لە ڕووی كەشناسیشەوە، بارینی باران لە مانگی ئەیلوولدا بۆ دیاریكردنی ڕەوشی كەشوهەوای پایز بەكاردێت، بەجۆرێك ئەگەر ببارێت بە مژدەیەك بۆ زووبارین و زۆریی بارانی پایز دادەنرێت، ئەگەر نەشبارێت نیشانەیە بۆ كەمبارانی و وشكیی وەرزی پایز.