نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنماییەكی نوێی بۆ مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەركرد.
بەپێی ڕێنماییە داراییەكەی وەزارەتی دارایی كە بە ژمارە (5)ی ساڵی 2026 دەرچووە و واژووی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، وەزیر و سەرۆكی دەستەی نەبەستراو بە وەزارەت مافی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەیان هەیە بە فەرمانبەران لە كاتی پێویستدا، بە مەرجێك ماوەی مۆڵەتەكە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەكات، هەروەها بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی كاركردن بە ژمارەیەك ڕێنمایی ساڵەكانی 2015 تا 2022 كە تایبەت بوون بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە.
هەر لە رێنمایەكەدا باس لەوەشكراوە، ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر بەپێی ڕێنماییە كۆنەكان مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەكەیان و دواتر یەكجارێكی تر بۆیان نوێ ناكرێتەوە.
روونیشكراوەتەوە، ئەگەر فەرمانبەرێك پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت و كۆی ماوەكەی دوو ساڵی پڕكردبێتەوە، ئەوا شایستەی وەرگرتنی مۆڵەت نابێت بەپێی ئەم ڕێنماییە نوێیە، بڕیارەكەش لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی كوردستان) جێبەجێ دەكرێت.