هۆشیار زێباری: هەوڵێكی جیدی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

20 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ناوەندی سەركردایەتیی حیزبەكەی لە بەغدا لە چاوپێكەوتنێكدا، تیشكی خستە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكە روودەدەن و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بوونی كورد لە بەغدا پێویستییە نەك لەبەر ئەمریكا یان لایەنێكی دیكە، بەڵكو لەبەر بەرژەوەندیی خۆمان.
سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تاوەكو 30ی ئەیلوول، روونیكردەوە، كە ئەمە بڕیارێكی ئاشكرایە و لە چوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی عێراق و لایەنی ئەمریكیدایە، وتیشی بە بڕوای من، كۆتاییهاتنی ئەركی شەڕكەریی هێزەكان بە واتای كۆتاییهاتنی هەژموون و كاریگەریی ئەمریكا نییە، چونكە ئەمریكا بەرژەوەندیی گەورەی ئابووری و سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و خاوەنی گەورەترین باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەیە لە بەغدا و هەولێر، زێباری وتیشی، كاریگەری و هەژموونی ئەمریكا لە كوردستان و عێراق هەر دەمێنێت.
سەبارەت بە گرنگی یەكڕیزیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زێباری باسی لەوەكرد، هەم دۆستە نێودەوڵەتییەكان و هەم دۆخی سیاسیی عێراقیش وا دەخوازێت كورد لە بەغدا یەكگرتوو و بەهێز بێت، بێگومان ئێمە بەهێزتر دەبین لە بەغدا ئەگەر ئێمە یەك بین.
هەروەها ئاشكرای كرد، هەوڵێكی جیدی لەنێوان هەردوو لایەندا هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووییەی كە هەیە، چونكە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دۆخی ئێستا مەترسییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
لە كۆتاییدا، زێباری هیوا و دەرفەتەكان بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد لە بەغدا دەخاتەڕوو، ئەو پێیوایە دەستوور گرنگترین كارتی دەستی كورد و هەموو عێراقییەكانە و دەبێت وەك مەرجەعێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
 زێباری جەخت لەوە دەكاتەوە كە كورد هێزێكی لاواز نییە و خاوەنی هەرێمێكی دەستووری، هێز و پەیوەندیی نێودەوڵەتییە و دەبێت ئەم خاڵە بەهێزانە بۆ پاراستنی مافەكانی و بەشداریكردن لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا بەكاربهێنێت و دەڵێت، كلیلی چارەسەرەكەش لە كوردستانە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group