بافڵ تاڵەبانی: ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیداری مێری 2026 كە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی و دەرفەتە پێكەوە بین دەتوانین عێراق بەڕێوەببەین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین، داواشی كرد دانیشتنەكان بە فەرمی دەستپێبكەنەوە.
هەر سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، سەرۆكی یەكێتی باسی لە چەند كۆبوونەوەیەك كرد و ئاشكرای كرد، پەیوەندیم لەگەڵ پارتی هەیە و دەتوانین بە 24 كاتژمێر حكومەت پێكبهێنین، بەڵام لە هەمان كاتدا رەخنەی لە پرۆسەی دانوستانەكانی رابردوو گرت و وتی: 16 جار هاتوومەتە هەولێر هیچ ئەنجامی نەبووە، لەكاتێكدا دوورنین لە یەكدی.
لەبارەی رۆڵی ئەمریكا لە ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان، بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی دا و گوتی، خۆتان تێكمەدەن، ئەمریكا نەچووەتە مەریخ، بیەوێ بە چەقەنەیەك دێتەوە.
سەرۆكی یەكێتی تیشكی خستە سەر دۆخی ئابووری و وتی كە هەموو دونیا لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێكی خراپدایە، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، دۆخی بەغدا زۆر خراپە و دۆخی كوردستانیش خراپ دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كرد و وتی، لە بەغدا رێككەوتنی جێنتڵمانیمان لەگەڵ زۆرینەی گرووپەكان هەیە.