نەوا-
قائیمقامیەتی سلێمانی دەستخۆشی لە بازرگانێكی شاری سلێمانی كرد كە بەهۆی رەچاوكردنی دۆخی دارایی هاوڵاتیان و سەرباری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا، بڕیاریداوە بەرهەمەكانی بە هەمان نرخی پێشوی دۆلارو بە هەرزانتر لە نرخی ئێستای بازاڕ بیفرۆشێت.
بابان ئەحمەد سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: جیاواز لە سەردانەكانی پێشویان كە زیاتر بۆ بەدواداچون و سزادانی سەرپێچیكارانە، ئەم سەردانەیان تایبەتە بۆ دەستخۆشی و پێزانین لەم هەڵوێستە نیشتمانییەی خاوەنی رۆنی موئمین كە لەم بارودۆخەدا رەچاوی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی كردوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتیشی: هیوادارن كە بازرگانانی دیكەش چاو لەم هەڵوێستە بكەن و رەچاوی گوزەرانی خەڵك بكەن بە خستنەڕوی كاڵاو پێداویستییەكان بە نرخێكی گونجاو بۆ ئەوەی بارگرانی زیاتر لەسەر هاوڵاتیان دروست نەبێت.