نەوا-
عەمید سالار عەبدوڵا بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە لێدوانێكدا راگەیاند، ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە كە نرخی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت لە 91 هەزارەوە بۆ 101 هەزار دینار گرانكراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی چەند مانگی رابردودا نوسراویان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كرد كە ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجە و ئۆتیزمیان هەیە لە پارەی پاسپۆرت بیان بەخشن، بەڵام وەڵامیان داینەوە كە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بەڵام بۆچی بۆ گرانكردنی نرخی پاسپۆرت كۆبونەوەی پەرلەمان و بڕیاردان لەسەری ناوێت؟ ئەمە ناعەدالەتییە.
پەیوەست بە بڕیارەكە، عەمید سالار عەبدوڵا رونیكردەوە، لەگەڵ ئێمەدا گفتوگۆیان نەكردوە، بەپێچەوانەوە ئێمە چەندجارێك داوای دابەزاندنی نرخی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرتمان كردوە.
عەمید سالار ئەوەشی خستەڕو، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی كە دەرهێنانی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەمدەكات، بڕیارەكەش نیگەرانی خەڵك و كارمەندان و تەنانەت ئێمەشی لێكەوتوەتەوە.
باسی لەوەشكردوە، ئەگەر بەراوردی نرخی پاسپۆرتی عێراقی بكرێت لەگەڵ نرخی پاسپۆرتی وڵاتانی دیكە ئەوا لەگەڵ نرخەكەیدا ناگونجێت، بۆ نمونە پاسپۆرتی ئیسپانی بە 48 هەزار دیناری عێراقییە و نرخی پاسپۆرتی سویدی بە 72 هەزار دیناری عێراقییە، لەكاتێكدا بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان پێویستی بە ڤیزا نیە.
بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی لە كۆتایشدا رونیكردەوە، ئێمە نوسراوی ناڕەزایی ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكەین، بەڵام پێدەچێت تەنها ئێمە ئەو نوسراوە ئاڕاستە بكەین لەكاتێكدا 68 بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لە عێراقدا هەن و پێناچێت هیچ نوسراوێك لەوبارەیەوە ئاڕاستەی حكومەتی عێراق بكەن.